یکشنبه، فروردین ۰۴، ۱۳۹۲

نقومبوون لە زڵکاوی عادەت و داب و نەریتدا




سونەتگرایی بە واتایە دێت کە کەسێک بێ بیرکردنەوە بیهەوێت بابەتێک یان داب و نەریتێکی کۆن  بە بێ هەڵسەنگاندنی  لایەنە باش و خەراپەکانی قبوولی بێت و بڵێت، چونکە لە کۆنەوە لە باب و پایرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و بە دەستی ئێمە گەیشتووە کە واتە دروستە. مەیل و ئارەزوو بۆ پەسندکردنی بیر و باوەری رابردوومان و دەرنەچوونمان لە بازنەی داب و نەریت هۆیەکەی  دەگەرێتەوە بۆ لاوازی و تەنبەڵی بیرکردنەوەی کەسەکە، ترس لە گۆرانکاری و دەرچوون لە باردۆخی چەقبوستووی ئێستایەتی.  عادەت و خوگرتن بە ئوسلوب و ستایلێکی ژیان  بە شێوەیەکی بەردەوام ، وا لە کەسەکە دەکات کە لە گەڵ ئەو خو و  عادەتەی ببێتە دۆست، خۆشەویستبوونی ئەو عادەتە دەبێتە هۆی ئەوە کە خۆی جەوازی دروستبوون و بەرەوابوون بە ئەو کارە بدات ئەگەر زۆر کەم و کورتیشی تێدا بێت.
باوترین و سەخترین شێوە، عادەت و خووە کۆمەڵایەتیەکانن. کە دەبنە بەهاو  نۆرم بۆ کۆمەڵگەکە. داب و نەریتەکان خۆی لە خۆیدا ناحەز و بێ بەها نیین، بەڵام کاتێک گروپێک جەخت لە سەر بەدردەوام بووبی ئەو داب و نەریتانە دەکەنەوە کە سور دەزانن زۆر هەڵە و کەم و کورتی تێدایە ئەو بەهایە لە دەستدەدا. بەردەوام بوونی ئەو کەسانە  لە سەر ئەو خووە ئەوەیە کە دەڵێن: لە رابردوودا ئەنجام دراون. بۆ نموونە هێندێک کەس لە کۆمەڵگەی ئێستادا کە پێشکەوتنەکانی تێکنۆلۆژی و زانست هەمووی دوونیای تەنیوە دەیان هەوێت  بە قانوون و داب و نەریتی  سەد ساڵ لەوە پێشەوە ژیان بە سەر بەرن، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە کۆمەڵگە گۆراوە و دەبێت ئەو شێوە بیرکردنەوە و داب و نەریتیش گۆرانکاری بە سەر دابێت. نموونەیەکی دیکە لەو راستایەدا کە خۆم تجروبە و بەر گوێم دەکەوێت بەردەوام، شێوەی ژیانی ئەو پەنابەرانەیە کە لە وڵاتی خۆیان بە هەر هۆکارێکەوە کۆچیان کردوە بۆ وڵاتێکی دیکە، هێندێک لەو پەنابەرانە هەر بەو ئەفکار و شێوە و ئوسڵۆبە ژیان دەکەن کە لە وڵاتی خۆیاندا خویان پێوە گرتووە، بێ ئەوەی لایەنی باش و خەراپی کوڵتوری خۆیان و ئەو وڵاتەی تێدا دەژین هەڵسەنگێنن. ئەگەر کەسێکیش بیهەوێت پێچەوانەی ئەوان بیر کاتەوە بەو واتایەی کە لە بازنەی داب و نەریت و عادەت و ئوسلوبی ژیانی وان بچێتە دەر ئەوا بە کەسێکی بێ بەها و بەدرەوشت دێتە ئەژمار. ئەو شێوە بیرکردنەوەیە لە ناو رەوەندی کوردا  لە ئورووپا زۆر باوە. تەنانەت هێندێک ژنمان هەن کە لە رێکخراوەکانی ژناندا لە ئوروپا کار دەکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی نەیانتوانیوە لە بازنەی چەقبەستووی داب و نەریت و ئەفکاری دواکەوتوویان بچنە دەر، هیچ کاریگەریەکیان نە بەسەر ئەو کەسانە داهەبووە کە ئەندامن لە ریکخراوەکانیان و نە بەسەر بنە مەماڵەکانیان و نە بوونە هۆیەک کە رێکخراوەکەیان بەرەو پێشەوە بچێت و یان ئەوەی کە بتوانن خۆیان لە گەڵ پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتانە بگونجێنن و سوود لەو دەرفەت و ئیمکاناتە وەرگرن کە لە ئیختیاریان ناون. لە هێندێ جێگەدا هەر ئەو رێکخراوانە هۆکاری چەوساندنەوەی خۆیان و ژنانن. بۆ نموونە رۆژێک هاورەیەکم قسەی بەرپرسی یەکێک لەو رێکخراوانەی کە باسی مافی ئافرەت و ژن دەکەن دەگێرایەوە و دەیگووت:" ئەو کچانەی لە وڵاتی خۆیان تەنیا دێن بۆ ئووروپا ، بەرهەڵدان و بێ کەس وکارن."  زۆر بەڵامەوە ناخۆش بوو کە بەرپرسی رێکخراوەیەکی ژنان کە قسە لە سەر ئازادی و مافی ژن دەکات ئەوە شێوەی بیرکردنەوەی بێت.تەنانەت زۆر یەک لەو بنەماڵە و خێزانانەی کە لێرە ژیان دەکەن  و دەیان هەوێت لە بازنەیە دەرباز بن و هەماهەنگ بن لە گەڵ پێشکەوتنەکانی دوونیای مودێرن ،نەیانوێراوە لە ترسی قسە و قسەڵۆکی خەڵک لەو داب و نەریتە دوا کەوتوانە رزگاریان بێت.  لێرەدا دەتوانم بە راشکاوی ئاماژە بەوە بکەم کە ئەو کۆمەڵگەیانە  کە تا ئیستاش کاریگەری داب و نەریت و ئاین و ترسان لە قسە و قسەڵۆکی ناو کۆمەڵگە بەسەریانەوەیە. هیچ کات ناتوانن  خۆیان  بەرەو پێشەوە ببەن و لە گەڵ پێشکەوتنەکانی دوونیای ئەمرۆ بچنە پێش . لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا چەوساندنەوەی ژن و توندووتیژی و ڕێگری و دەم کوت کردنی ژن لە ژێر ناوی ئاین ، داب و نەریت ،  پەردەی شەرەف و لەدەست نە دانی شۆرەت بە بەرفەرەوانی تێیدا دەبینرێت کە دژی بنەماکانی ئازادی و مافی ژیان و مافەکانی ئازادی و مرۆڤە.
بە بیرو بۆچوونی من دەکرێت مرۆڤ هەڵسەنگاندنێکی وردی باردۆخی خۆی و کۆمەڵگەیەکەی بکات و داب و نەریتی خۆی لە گەڵ دوونیای مودێرن بەراورد بکات و خۆی لە بازنەی عادەت و ترسان لە گۆرانکاری و قسە قسەلۆکی خەڵک دەرباز کات، تاکو بتوانێت هەم خۆی و خێزان و کۆمەڵگەکەی بەرەو پێشەوە بەرێت. هەموومان دەبێت ئەو راستییە بزانیین کە کۆمەڵگەکان بەردەوام لە حاڵی گۆراندان و قانوون و داب و نەریتەکانی ریکخستنی خێزان و کۆمەڵگە رۆژ لە گەڵ رۆژ گۆرانی بە سەردادێت. ئەگەر خەڵکانێکیش نایانهەوێت خۆیان لە گەڵ کۆمەڵگەی سەردەمدا بگونجێنن، لەو کەسانەش گەرێن کە دەیان هەوێت ژیان بە شێوەیەکی سەردەم و سەربەخۆ دەبەنە سەر.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر